شنبه ۲۷ مرداد ۱۴۰۳ | 17 - 08 - 2024

Communist party of iran

پەیامی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق بۆ کۆنگرەی چواردەهەمی حزبی کۆمۆنیستی ئێران

هاوڕێیانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران، ئامادەبوانی کۆنگرە، لەلایەن (ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق)، و لەلایەن خۆشمانەوە وەک هەیـئـەتی ئەو ڕێکخراوەوە، وێڕای سوپاس بۆ بانگهێشتنەکەتان، پیرۆزبایی بەستنی کۆنگرەی چواردەهەمتان لێ دەکەین، هیوای کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو و پڕ دەسکەوتـتان بۆ دەخوازین.


هاوڕێـیان جیهانی سەرمایەداری و ئیمپریالیستی ئەمڕۆ ڕۆچۆتە نێو قەیرانێکی قوڵی هەمەلایەنە و لەچارنەهاتوو، کێشمەکێش و کێبڕکێی زلهێزە ئیمپریالیستەکان تا دێت توندوتیژی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت بۆ پەیداکردنی ناوچەی نفوز و باڵا دەستی جیۆپۆلەتیکی و هەژموونی جیهانی، سڵیش ناکەنەوە لە هەڵگیرساندنی جەنگ لە پـێـناویـدا، هەر وەک لە ئۆکرانیا و فلستین و زۆر شوێنی تری جیهان لە ئارادایە.
دەوڵەتانی بۆرژوازی و ئیمپریالیستی کۆمەڵگایان ڕاپێچکردۆتە نێو جەنگ و جینۆساید و هەژاری کوشندە و کۆچی ملیۆنی و کارەساتە ژینگەیـیەکان، وە لەگەڵ ئەم هەموو پێشکەوتنە تەکنۆلۆژی و زانستیـیە لە جیهانی ئەمڕۆدا، لەگەڵ ئەم هەموو سەروەت و سامانە زۆرەدا، هەژاری و بێکاری و بـێـبەشیـیەکی لە ڕادەبەدەریان بەسەر جەماوەری بەرینی کرێکار و زەحمەتکێشدا سەپاندووە، لەپێناو ماکسیمالیەتی قازانجدا.


ئەم بارودۆخە نا ئینسانی و قەیرانە کۆمەڵایەتیـیە، کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنان و لاوانی هێناوەتە مەیدانی خەبات لە دژی سەرمایەداری و دەسەڵاتە ئیسلامی و قەومیـیەکانی، بەڵام ناڕەزایەتیـیە کۆمەڵایەتیـیەکان و ڕاپەڕینە جەماوەریـیەکانی ئەمڕۆ لەژێر هێرشی دڕندانەی حکومەتەکان، لەژێر هەوڵی ڕەوتە بۆرژوازی و حزبە جۆراوجۆرەکان، لە ژێر هەوڵی زلهێزە ئیمپریالیستەکان و نوێنەرە لۆکاڵیـیەکانیاندایە، بۆ چەواشەکردن و نەزۆک کردنیان بە مەبەستی ڕێگری کردن لە دروستبوونی هێڵی چینایەتی سەربەخۆ و شکستپێهێنانی.
هاوڕێیان جیهانی ئەمڕۆ لە ناڕەزایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کەم نیـیە، لە شەپۆلی گەورەی خۆپێشاندان و ڕاپەڕین و شۆڕشی کەم نییە، ئەوەی لەم نێوەدا ئەرکی کۆمۆنیستەکانە بریتیە لە ئاسۆدارکردنیان بە ئاسۆیەکی سۆشیالیستی و ئینتەرناسیونالیستی، وە ڕێکخراوکردن و ڕابەرایەتی کردن و ئاڕاستە کردنیان ڕووەو شۆڕشی سۆشیالیستی، تا ڕیزی چینایەتی سەربەخۆیان پارێزراو بێت و بەدوور بن لەوەی تەسلیم بە ڕەوت و جەرەیاناتی بۆرژوا ئۆپۆزسیۆن و لیبرال و ڕیفۆڕمخواز بن و نەکەونە پاشکۆی هێزە پۆپۆلیستیە فریودەرەکان.


سەرمایەداری ئەمڕۆ بە واقعی جیهانی کردووە بە شارۆچکەیەک و سنوری نێوان دەوڵەتان لەبەرامبەر کەڵەکە و بەرژەوەندی سەرمایەدا تا دێت کاڵ و کاڵتر دەبێتەوە، لە جیهانی ئەمڕۆدا دەبینین کە هەر چەند وڵاتێک لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا لە هەولدان پڕۆژەیەکی زەبەلاحی ستراتیژی و ئابووری وەڕێبخەن و لەگەڵ یەکێک لە زلهێز و قوتبە جیهانییەکانی ئیمپیریالیستیدا پڕۆژە ستڕاتیژەکانیان بەرنەپێشەوە. بەم پێیە سەرمایەداری وەک چۆن زەمینەی بلۆکبەندی و قوتبەندی بورژوازی لە ناوچە جوگرافیا جۆراوجۆرەکاندا دێنێتە ئاراوە، ئاواش زەمینەی مادی ئینتەرناسیونالیزمی پڕۆلیتاری لەو ناوچە جوگرافیایانەدا فەراهەم دەکات، ئەمڕۆ لەهەر کات زیاتر هاوپشتی و یەکێـتیـیەکی ئینتەرناسیوناڵی پڕۆلیتاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زەمینەی مادی فەراهەم بووە و بۆتە زەرورەتێک بۆ بردنە پێشەوە و بەئاکام گەیاندنی خەباتی چینایەتی کرێکاران و زەحمەتکێشان.


مارکسیزم و ڕەوتی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ و پڕۆلیتاری کە ئەم دەورانە بە گوڕ و تەوژمێک و هێزێکی نوێوە خەریکە ئاوێزان دەبێتەوە بە بزوتنەوەی کرێکاری و ڕێکخراوەی حزبـیـیەوە، لە سەریەتی ئەم تایبەتمەندیـیەی ئەم دەورەیە تەشخیس بکات و لەئاست ئەم ئەرکەدا بیت.
دووبارە سڵاوی گەرمی خەباتکارانەی کۆمۆنستیـتان ئاراستە دەکەینەوە و بەگەرمی دەستان دەگوشین و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.
٢٦-٧-٢٠٢٤

اشتراک در شبکه های اجتماعی: